
نرخی ئۆنسەیەک زیو ئەمڕۆ 0.20٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتە 54.46 دۆلار. واتە ئێستا لە بازاڕەکانی جیهان کیلۆیەک زیو بە 1,750 دۆلارە.
لە رۆژی دووشەممەوە کاتێک بازاڕەکان کرانەوە، ئۆنسەیەک زیو 4 دۆلار گرانبووە کە دەکاتە 8٪. بەمەش زیو نزیکە لەوەی بۆ نۆیەمین هەفتەی لەسەریەک بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە بهێنێت.
بەردەوامیی کورتهێنانی زیو و خواست لەسەری وەک پەناگەیەکی ئارام لەسەری، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی زیون.
لە ئەمریکا، دوو بانکی نێوخۆیی ئاشکرایان کرد، کێشەی قەرزدانیان تووشبووە. ئەوەش کێشەی متمانەی بە بانکەکان دروستکردووە و پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زیو دروستکردووە.
بەردەوامیی ناکۆکییە بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین و داخرانی حکومەتی ئەمریکا و پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود، خواستیان لەسەر زیو وەک پەناگەیەکی ئارام زیادکردووە.
کورتهێنانیش لە بازاڕی زیوی لەندەن کە ناوەندێکی جیهانییە بۆ بازرگانیی زیو بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زیو.
ئەم بەرزبوونەوە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی کورتهێنان لە بەرهەمهێنان. زیو کانزایەکی پیشەسازیی سەرەکییە و لە کەرتە جیاجیاکان بەکاردەهێنرێت، وەک ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و وزەی پاک.



