
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: بە ئەگەری زۆر سبەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب دەدرێت.
رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هەفتەی رابردوو پێکەوە وردبینی لە هەردوو لیستی مانگی ئاب و ئەیلوول دەستی پێکردبوو، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئاب تەواو بووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە، بۆیە وابڕیارە سبەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب بدرێت.”
بەگوێرەی سەرچاوەکە، “دوای ئەوەی مووچەی مانگی ئاب خەرج کرا، راستەوخۆ رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەست پێدەکات. ئەگەر رێکارەکان تەواو بوون، هەر ئەو رۆژە 120 ملیار دینارەکە دەنێردرێت، ئەگەرنا بە دڵنیایییەوە رۆژی دواتر.”
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، “ناوی هەندێک خانەنشین بۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب زیاد کراون، ئەگەرنا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەکراوە.”
لەبارەی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیشەوە، سەرچاوەکە گوتی، “وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول بەردەوامە و بڕیارە بە زووترین کات تەواو بکرێت، تاوەکو دوای مووچەی مانگی ئاب و رێکارەکان، هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی مووچەی مانگی ئەیلوولیش خەرج بکرێت.”
لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکات، لە هەرێمی کوردستان مووچەخۆران هێشتا لە چاوەڕوانیی مووچەی مانگی هەشتدان.



