رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وردەکاری نێو ماڵی شیعە بڵاودەکاتەوە

ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وردەکاریی گفتوگۆکانی نێو ماڵی شیعە و سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق ئاشکرا دەکات.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، 12 سەرکردەی لایەنە شیعییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیانی عێراق، واژۆیان لەسەر ڕاگەیاندنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کرد، کە توانای پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیان دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”، سێ لە سەرکردە سەرەکییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی، کەسێک بۆ پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکار لەنێو چوارچێوەکە دەستنیشان بکەن بەو مەرجەی خاوەنی دەسەڵاتی بەهێز و پشتیووانی تەواو بێت، بەڵام نایانەوێت ئەو کەسە وەک سەرکردە و زەعیمێکی سیاسی لە پۆستەکەدا مامەڵە بکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرکردەیەکی شیعی بۆ ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، بەشێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە، نیگەرانی و بێزارییان نیشانداوە لە زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر مێزی بڕیاردان دادەنیشین و وەک “زەعیم” مافی دەنگدانیان لەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە حکومەت و دەسەڵات هەیە.
ڕۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشێوەیەکی کاتی پێداچوونەوەیان بە لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگرتووە، تاوەکو ئەو کاتەی شێوازی هاوکێشە سیاسییەکە بۆ قۆناغی داهاتوو یەکلایی دەکەنەوە، هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە سوودانی خراوەتە نێو لیستی کاندیدەکانەوە، بەڵام بە دۆخ و مەرجی جیاواز لەپێشوو.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە تووندی دژی ئەوەیە سوودانی بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە، بەڵام هەندێک لایەنی شیعی لارییان نییە ئەگەر بێت و پێوەرە نوێیەکانی پۆستەکە کە پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، نەک ئەرکی سەرکردە جێبەجێ بکات.



