
مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر هەڕەمەکی دەستی بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک ڕستەی بێناوەرۆک کردووە. دەمانەوێت دڵنیایان بکەینەوە کە بەتەواوی پشتگیریی سەروەریی یاسا و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەین. هەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن، تەنها لە ڕێگای یاساوە چارەنووسی تۆمەتەکانیان دیاری دەکرێت و ڕێگا لەبەردەم هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی (نوێنەرایەتیی وڵاتان، کونسوڵخانەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ) کراوەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا. بەلام ئایا ئێوەش پابەندن بەم پرەنسیپانە و بڕواتان بە ئەوە هەیە کە باسی دەکەن؟
ئێوە بەبێ گەڕانەوە بۆ دام و دەزگا فەرمییەکان و وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەخت، هەڵکوتانە سەر هوتێل و کوشتنی خەڵک و گرتنی سەرکردە سیاسییەکان و لێدانی هاوڵاتییانتان کردووەتە نەریت.
هاوکار جاف تیرۆر کرا و بەڵگەی پێویست خرانە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە داڵدەی بکەرانی ئەو کەیسەی تیرۆرکردنتان دا و جورئەتی ڕادەستکردنیان ناکەن بۆ ئەوەی ڕاستی تێوەگلانی بەرپرسەکانتان بشارنەوە.
بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، تانک، زرێپۆش، درۆن و چەکی قورستان بەکارهێنا و هێرشتان کردە سەر هوتێل لالەزار. لەو هێرشەتاندا، لە ناو جەرگەی شار چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی، ماڵی هاوڵاتئیان و هونەرمەندانتان تێکدا بەبێ ئەوەی ڕەچاوی مافی مرۆڤ و یاساکان بکەن.
لەبارەی تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەکەی چەند رۆژی ڕابردوو لە قەزای خەبات، ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون وەکوو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. ئەگەر ئێوە خۆتان بە هاوبەش لە کردەوەکانیان دەزانن ئەوە جێگای نائومێدییە. وە ئەگەر تێوەنەگلاون دەبێت سوپاسگوزار بن و بە جێبەجێکردنی یاسا شپرزە نەبن.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر
2025/12/5



