زۆرترین پێشێلكاری لە بەغدا و سلێمانی کراوە

کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادیی رۆژنامەوانی لە عێراق ڕایگەیاند: ئازادیی كارى رۆژنامەوانی لە ساڵی 2025 لە عێراق بۆ ئاستێكی مەترسیدار دابەزیوە.
دەشڵێ: زۆرترین پێشێلكاری لە بەغدا و دوای ئەویش لە سلێمانی، بەرامبەر ئازادیی كاری رۆژنامەوانی تۆمار كراوە.
کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هۆشداری دەدات کە ساڵی ٢٠٢٥ دۆخی کارکردنی میدیایی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵات ستراتیجی سزادانی گۆڕیوە و پەنای بۆ یاسا کۆنەکانی سەردەمی دیکتاتۆری بردووە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان.
کۆمەڵەکە کۆمەڵێک پێشێلکاریی جۆراوجۆری تۆمارکردووە کە دیارترینیان بریتین لە:
ڕێگری و دەستدرێژی: ٧٥ حاڵەتی ڕێگری لە ڕووماڵ و هێرشکردنە سەر میدیاکاران.
گرتن و ڕێکاری یاسایی: ٦٢ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و تۆمارکردنی داوای یاسایی.
مەترسییە گیانییەکان: ٢ هەوڵی تیرۆرکردن و ٧ حاڵەتی هەڕەشەی کوشتن.
سزای میدیایی: ٢٥ حاڵەتی ڕاگرتنی پەخش و سزادان لەلایەن کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنەوە.
خراپترین کات: مانگی شوبات لوتکەی پێشێلکارییەکان بووە، دوای ئەویش مانگی تەممووز.
مەترسیدارترین شارەکان:بەغدا بە ٦٢ حاڵەت لە پلەی یەکەمدایە، دواتر سلێمانی بە ٢٢ حاڵەت و پاشان بەسرە بە ١٩ حاڵەت دێن.
ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم فشارانە بە پاڵپشتیی یاسا و بڕیارگەلێک دەکرێن کە پێچەوانەی دەستوورن و ئامانجیان بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادییەکانە.



