وتار

کابینەى دەیەم.. حکوومەتێک بۆ خزمەتی زیاتر و یەکپارچەیی کوردستان

ئەزموونى حوکمڕانیی زیاتر لە سێ دەیەى رابردوودا و حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى کوردستان، ئاماژەیەكى روونە لەوەى هەر کاتێک گەلى کورد بە تەبایی و بۆ ئامانجى خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان تێکۆشابێ، ئەوا دەستکەوت و پێشکەوتنى گەورە بەدەست هاتووە. پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو هێزە سیاسى و کاریگەرەی گۆڕەپانى خەباتى گەلى کورد، هەمیشە لەپێناو سەنگ و پێگەى گەلى کورد و قەوارەى کوردستان لە سەنگەرى پێشەوەى قوربانیدان و بەرپرسیاریەتیدا بووە، هەرگیز بە ڕۆحییەتى حزبایەتیى تەسک مامەڵەی نەکردووە، بەڵكوو لە ماف و کورسییەکانى جەماوەرەکەى بە لایەنەکانى دیکە، بەتایبەت بە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانی بەخشیوە، بۆ ئەوەى کوردستان بەهێز بێت و دڵى دوژمنان شاد نەبێت، هەموو ئامانجیشی لەمە سەرکەوتن و بەهێزکردن و یەکپارچەیی و حوکمڕانییەکى بەهێز و کاریگەر بووە لەپێناو خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و بەدیهێنانى ماف و ئامانجەکانى لەناوخۆ و لەدەرەوە .

بۆیە دواى ساڵێک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حكوومەت، کاتى ئەوە هاتووە گشت هێز و لایەنەکان بەوپەڕى بەرپرسیاریەتیى مێژووییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە و دەوروبەردا بکەن، تەبایی و بەهێزیى پێگەى کورد و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانى بکەنە ستراتیژ و ئامانجى نەتەوەیی و نیشتمانى. 

کاتى ئەوە هاتووە هەرێمى کوردستان گشت بەربەستەکان تێکبشکێنێت، دیموکراسى و دەنگى جەماوەرى کوردستان بکرێتە پێوەر، هەر هێزێکى سیاسى لە هەڵبژاردنەکان توانى دەنگ و کورسیى زۆرتر بەدەست بێنێت، ئەو حکوومەتە پێکبنێت، هەموو لایەنەکانى دیکەش بەپێى ڕێژەى دەنگ و کورسییەکانیان لەنێو ئەو حکوومەتەدا هاوبەش و بەشدار بن، ئەوەش وادەکات کە هەم سەقامگیریى ئەمنى و هەمیش سەقامگیریى سیاسى بێتە دى و کوردستانیش بەهێز بێت و ئاستى خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو ناوچەکەکان بەبێ جیاوازى زیاتر بێت.

 لەگەڵ ئەوەى لە کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکى کارا نییە، بۆیە دەبێ لەگەڵ ئەو هێز و لایەنەى حکوومەتێکى نوێ پێکدێنێت، پاڵپشت بێ بۆ ئەوەى کوردستان لەوە زیاتر بە قەیرانى ساختەوە سەرقاڵ نەکرێت و ئامانج تەنیا خزمەتکردن و بەهێزکردنى سەروەریى کوردستان بێت. 

زۆر گرنگە کوردستان ببێتە خاوەن دەستوورى خۆى، بە هەبوونى دەستوور هیچ چەقبەستوورییەکى سیاسى نامێنێتەوە، بەڵکوو بەپێى ئەو ماددە دەستوورییانە دەکرێت چارەسەرى کێشەى سیاسى بدوزرێتەوە و ئەوەندەش کات بۆ پێکهێنانى حکوومەت بەفیڕۆ ناچێت. 

بەستنەوەى پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە پرۆسەى ئاڵۆز و پڕکێشەى عێراقەوە، وایکردووە رەوشە زیاتر قورستر بێت، چونکە لەکۆتاییدا گەلى کورد خاوەن قەوارە و سەربەخۆیی خۆیەتى و هیچ پێوست ناکات خۆى بە بەغدایەکەوە ببەستێتەوە کە لەنێو قەیرانەکاندا نقووم بووە و دیار نییە بە چ ئاقارێکدا دەڕوات، لە هەمانکاتیشدا ئەو دواخستنە زیاتر ڕێگە بۆ نەیارانى کوردستان خۆش دەکات، تاوەكوو لێکترازان و دەستوەردان لە کاروبارى کوردستاندا بکەن.

بۆیە گرنگە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتمان، ڕاشکاوانە کوردستان و پرۆسە دیموکراسییەکەى وەک خۆى قبووڵ بکەین و پەلەش بکەین لە پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى کوردستان و ئینجا کار بۆ داڕشتنەوە و نووسینەوەى دەستوور بکەین، تا مافى هەموو پێکهاتەکانى کوردستان بەدی بێنێت و ئەوەش دڵنییاییە بۆ کوردستانێکى بەهێز و یەکپارچە و یەک حکوومەت، تا خزمەتگوزاریى زیاتر بۆ هەموو کوردستان دەستەبەر بکات.

رێبوار حەمەلاو

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button