رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستهەواڵ

ژیان بۆ حەسەکە و قامیشلۆ دەگەڕێتەوە

دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست، ژیان لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت؛ لە حەسەکە 50%ـی بازاڕەکان کراونەتەوە و لە قامیشلۆش بۆ یەکەمجار فەرمانگەکان دەستیان بە دەوام کردەوە.

سەرچاوەیەک ڕایگەیاند: دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست دۆخەکە هێوربووەتەوە و خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ شارەکە؛ ژیان نزیکەی 50% ئاسایی بووەتەوە و خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت بێ کێشەن، بەڵام جموجۆڵی سەربازیی بەرەو سەنگەرەکانی دەرەوەی شار چڕ بووەتەوە.

 لە شاری حەسەکە دۆخی بازاڕ بەرەو باشبوون دەچێت و نیوەی دووکانەکان کراونەتەوە، هەرچەندە چێشتخانەکان هێشتا داخران، بەڵام قەیرانی دەرمان و خۆراک بوونی نییە.

 لە بەرەکانی شەڕ، شەڕڤانانی هەسەدە سەرقاڵی دروستکردنی ساتری نوێ و قایمکردنی زیاتری سەنگەرەکانن، چونکە ترسیان لە هێرشی کتوپڕ هەیە. لە بەرامبەردا، شاری قامیشلۆ کە 100 کیلۆمەتر دوورە، ئارامییەکی زیاتری بەخۆوە بینیوە؛ ئەمڕۆ پۆلیسی هاتووچۆ گەڕاونەتەوە شەقامەکان و فەرمانگە کارگێڕییەکان دوای هەفتەیەک داخران، دەرگاکانیان بەڕووی هاووڵاتییاندا کردووەتەوە.

 سەبارەت بە دۆخی مرۆیی، هەزاران ئاوارەی شارەکانی دیکە لە قامیشلۆ نیشتەجێن و بەشێکی زۆریان هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر خێزان لەناو مزگەوت، قوتابخانە و تەنانەت ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەمێننەوە.

ئەم هێوربوونەوەیە دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست دێت بۆ ماوەی 15 ڕۆژ (تاوەکو 8ی شوبات) کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەڕەنسا ئەنجامدرا. لە ماوەی 19 ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا، هەزاران هاووڵاتیی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا ئاوارە بوون و زۆربەیان ڕوویان لە قامیشلۆ کردووە کە بە ناوچەیەکی ئارامتر دادەنرێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button