لەچوارچێوەی هەڵمەتەکەیدا بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران رۆژی دوو شەممە ١٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەردانی هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد.
لە یەکەم سەردانیدا لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرانیی شێڵتەرەکان و بەشی جێندەری (ڕەگەز) وەزارەت کۆبووەوە و تاوتووێی چۆنییەتی بنبڕکردنی توندوتیژی و رێکخستنەوەی کاروباری شێڵتەرەکانیان کرد.
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا نەهێشتنی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەری ریشەیی، هەماهەنگی و هاوکاری حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەیە. راشیگەیاند: یاساکان و رێنماییەکان دەبێت بەجۆرێک رێکبخرێنەوە کە ئاسانکاری بکەن بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و راپەڕاندنی کاروباری شێڵتەرەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی شێڵتەرەکان تێبینی و گرفتەکانی خۆیان خستەڕوو، بڕیاردرا بەپێی پێویست چارەسەری کێشەکانیان بکرێت. جێگری سەرۆکوەزیرانیش جەختی کردەوە هاوکاری شێڵتەرەکان دەبێت و ڕێگریی دەکات لە هەر دەستتێوەردانێک کە کێشە و گرفت بۆ شێڵتەرەکان دروستبکات.
دواتر سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت گفتۆگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی، بەتایبەتیش لە کەناڵەکانی راگەیاندن، هەروەها چۆنییەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەڕێی میدیا و لایەنە پەیوەندییدارەکانی دیکەوە تاووتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا، راپۆرتێک لەبارەی پرسی توندوتیژیی دژی ژنان خرایەڕوو کە کۆمەڵێک گرفت و راسپاردەی لەخۆگرتبوو، “جەخت لەسەر چەند خاڵێک کرایەوە لەوانە؛ هەموارکردنەوەی یاساکان، تووندکردنی سزاکان، قەدەغەکردنی چەک و ئەنجامدانی هەڵمەتیی هۆشیاری و پێویستیی هەماهەنگی کەناڵەکانی راگەیاندن لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، پێشتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کردبوو، لەگەڵ یەکێتیی زانایانی ئایینی کۆبووەوە و داوای لێکردن؛ لەڕێی مینبەرەکانیانەوە بەشدار بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان.