ئەمساڵ زۆرترین کەس بەشداریی لە مەراسیمەکانی چلەدا کردووە
رۆژی شەممە ١٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە بەشداریی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکار لە کەربەلا، رێورەسمی چلەی کوژرانی ئیمام حسێنیان بەڕێوەچوو… “ئەمساڵ زۆرترین کەس بەشدارییان لەو مەراسیمانەدا کردووە”.
لە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٢ەوە زیارەتکارانی شیعەی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکانی چلەی ئیمام حسێن، لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان و عێراقەوە، هاتبوونە شارەکانی عێراق و دوێنێ ١٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، سەرجەم مەراسیمەکانی تایبەت بەو بۆنەیە، کۆتاییان هات.
بۆ یەکەمجارە زیارەتکارانی بیانی بەو رێژە زۆرە بەشداریی چلەی ماتەمینیی ئیمام حسێن بکەن. بەپێی زانیارییەکان، ئەمساڵ نزیکەی پێنج ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی، لەنێو بەشداربووانی چلەکەدا بوون.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمەکان، لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە تۆمارکراون و دواتر بڵاوکراونەتەوە، ئەمساڵ بەراورد بە چوار ساڵی پێشوو، مەراسیمەکان زۆرترین ڕێژەی بەشداریکردنیان هەبووە.
تەنها ئەمساڵ، ٢١ ملیۆن و ١٩٨ هەزار و ٦٤٠ کەس، بەشدارییان کردووە. ساڵی ڕابردوو، ئەو ڕێژەیە کەمترە بووە لەچاو ئەمساڵ، ١٦ ملیۆن و ٣٢٧ هەزار و ٥٤٢ کەس، بەشدارییان کردووە. ساڵی ٢٠٢٠، ئەو ڕێژەیە بەراورد بە دوو ساڵی دواتر کەمتر بووە و ١٤ ملیۆن و ٥٥٣ هەزار و ٣٠٨ کەس، بەشدارییان کردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی بەشداربووان لەو مەراسیمانەدا، لە ساڵى 2018 زیاتر لە 11 ملیۆن کەس بووە، هاوکات ساڵى ٢٠١٧ـیش ژمارەى بەشداربووان زیاتر لە 15 ملیۆن کەس بووە و بەراورد بە ساڵی دای خۆی، ڕێژەی بەشداریکردن زیاترە بووە.
بەپێی گێرانەوەکان، حسێنی كوڕی عەلی و كچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە 10ـی مانگی موحەڕەمی ساڵی 61ـی كۆچی كە دەكاتە 10ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 680ـی زایینی، لە كەربەلا شەهید کرا… پەیڕەوانی شیعە هەموو ساڵێك 40 رۆژ دوای ئەو رۆژە، چلەی ماتەمینیی بۆ ئیمام حسێن دەگێرن. ئەمساڵ رۆژی شەممە 17-9-2022 رێوڕەسمە سەرەکییەکەی چلە بەڕێوەچوو و بە بەشداریی زیاتر لە ٢١ ملیۆن کەس، کۆتاییهات.