مەترسیدارترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە میسان دەستگیردەکرێت
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیاندراوێکی دا ئەوەی ئاشکراکردووە، کە یەکێک لە “مەترسیدارترین بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر” لە پارێزگای میسان دەستگیرکراوە و ٤٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەرییش دەستی بەسەردا گیراوە.
لە چواچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ گەمارۆدان و دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە پارێزگای میسان دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری، یەکێک لە “مەترسیدارترین بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر” دەستگیرکرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا هاتووە، ئەو بازرگانە لەکاتی دەستگیرکردن ٤٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵی پێ بووە و هەر ئەو کات، ئەو ماددانە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی راگەیاندراوەکە، دانپێنانی تۆمەتبارەکە تۆمارکراوە و لەگەڵ ئەو ماددەی دەستی بەسەردا گیراوە، ڕەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراوە.