دوو لیوای هێزەکانی پێشمەرگە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم جێگیر دەکرێن
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە دوو لیوا هاوبەشەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەست بە مەشق و ڕاهێنان بکەن.
عەمید ڕوکن عادل زەنگە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیمکراتی کوردستانی ڕاگەندووە، بڕیار وایە کۆتایی ئەم مانگە دوو لیوا ھاوبەشەکە دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکەن.
سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوە داوە کە ماوەکانی ڕابردوو چەند ئۆپەڕاسیۆنێکی ھاوبەش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەڕێوە چوون، بڕیارە بەردەوام بێت، بەڵام بەھۆی بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حوسێنەوە ڕاگیراون، ئەگەر پێویست بکات لە ھەر کاتێکدا ئۆپەڕاسیۆن بەڕێوە دەچێت.”
باسی لەوەش کردووە کە “ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش زیاتر بۆ لاوازکردنی تیرۆریستانی داعشە، چونکە داعش وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی لە چەند ئۆپەڕاسیۆنێکدا کۆتاییی نایەت، بەڵام کاریگەریی ھەبووە لەسەر لاوازکردنیان.”
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دەبێت لە ڕێگەی ئەو لیوا هاوبەشانە لە میحوەرە جیاوازەکان چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن بە مەبەستی رێگریکردن لە کردووە تیرۆرستییەکانی رێکخراوی داعش لەو ناوچانەی کە بە بۆشایی ئەمنی لەقەڵەم دەدرێن لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە.