خواردنی فرۆشگای قوتابخانەکە بە ( ناتەندروست ) ئامادەکرابوو
بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئەنجامی پشکنینی ئەو قوتابخانەیەی بڵاوکردۆتەوە کە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری قوتابخانەکە تووشی سکچوون و ڕشانەوە ببوون.
ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو قوتابخانەیە بڵاوکردۆتەوە کە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار بە هۆی تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید تایبەت بە منداڵان کرابوون.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە و دەڵێت” بەمەبەستی بەدواداچوون لەو حاڵەتە ڕاستەوخۆ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەت لە ( چاودێری تەندروستی ٫ یەکەی ئاو ٫ تەندروستی خوێندنگاکان) ڕاسپارد ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بکرێت لەدۆزینەوەی حاڵەتەکان و نمونەی ئاو بۆپشکنینی تاقیگەی وەربگیرێت” .
تەندروستی سلێمانی لە ئەنجامی پشکنین و بەدوادچوون بۆ ڕووداوەکەی ئاشکراکردووە کە نەخۆشکەوتنی خوێندکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە:
١- ئامادەکردنی خواردن بۆ خوێندکاران لەفرۆشگای خوێندنگاکە بەشێوەیەکی (نا تەندروست ) ئامادەکرابوو.
۲- دوای وەرگرتنی نمونەی سەرچاوەی دابینکردنی ئاو لە خوێندنگاکە دەرکەوت ئەو ئاوەی لەڕێگەی (بیرەوە) دابین دەکرێت و وە خوێندکاران بەکاری دەهێنن لەڕوی (بەکتریۆلۆجی) وە (نەشیاوە) بۆخواردنەوە ناگونجێت.