چاوپێکەوتنکوردستان

ئاری ئەحمەد: ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو هەڵدەگرین

لە چاوپێککەوتنێکی ڕۆژنامەوانی، ئاری ئەحمەد : بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باس لە ئاست و دۆخی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت ئاوی خواردنەوەی هەرێمی کوردستان بە ستانداری ڕێکخراوی تەندروستی جیهاییە

سەرەتا دەکرێت بزانین سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان چین؟
لە هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە هەیە، ئەوانیش ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەر زەوییە، کە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا رێژەی بەکارهێنانیان لە لایەن هاوڵاتیانەوە پەنجا بە پەنجا هەردوو سەرچاوەکە بەکاردەهێنرێت، سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی ڕووبارە سەرەکییەکانە کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە وەکو زێی گەورە، زێی بچووک، خابوور، سیروان، عوزێم، هەروەها ڕووباری دیجلەش، ئاوی ژێر زەویش کانی و کانیاوەکانە لەگەڵ بیری ئاو بە هەموو شێوازەکانی.


لەم چەند ساڵەی دواییدا هەست بە مەترسییەکی زۆر دەکرێت لەسەر کەمبوونەوەی ئاو بە تایبەت ئاوی ژێر زەوی، پلانی ستراتیژی وەزارەتی شارەوانی چیە بۆ روبەروبوونەوەی ئەو مەترسیانە؟
وەکو حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە تایبەتمەندن بەو بوارە دوو پلانی سەرەکیمان هەیە، پلانی درێژمەودا (ستراتیجی) و پلانی کورتخایەن. ئەوانەی کە تایبەتن بە پلانی درێژخایەن، بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ ستراتیجییەتی ئێمە ئاوی بەکارهێنراو یان سەرچاوەی ئاومان، هەوڵدەدەین دەربازبین لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی. دەمانەوێت ئاوی سەر زەوی بەکار بهێنین، چونکە مەبەستمانە ئاوی ژێر زەوی وەکو ‌کۆگایەک هەڵبیگرێت بۆ نەوەکانی داهاتوو. هەروەها بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان کاتیین زۆربەی حاڵەتەکان کە بیرێک ئاوێکی کەم بەرهەم دەهێنێت لە ڕووی ئابوریشەوە تێچووەکەی زیاترە بە جیاواز لەو ئاوەی کە لە پڕۆژەکانەوە بەرهەم دێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٨۷۰ بیری ئاو هەیە وە ٨۱ پڕۆژەی ئاوی سەرزەوی هەیە. لە پلانی ستراتیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ کوردستان، ئێستا ۱۱ پڕۆژە لە بواری جێ بە جێ کردنن، بە تەواو بوونی ئەو ۱۱ پڕۆژەیە دەچینە قۆناغێکیتر ئەویش لە بەکارهێنانی ئاو بە سەدا پەنجا بە پەنجا دەبێتە سەدا ۷٥ی ئاوی سەر زەوی و سەدا ۲٥ ئاوی ژێر زەوی بۆ مەبەستی بەکارهێنان.
هەردوو جۆری ئاوەکەش شایستە و تەندروستن بۆ خواردنەوە، هەرچەندە ئاوی ژێر زەوی ئاوێکی خاوێنە پێویستی بە قۆناغەکانی خاوێنکردنەوە نیە تەنها لە دوای دەرهێنان بڕێک کلۆری تێدەکرێت، بەڵام ئاوی سەرزەوی بە کۆمەڵێک قۆناغدا دەڕوات بۆ خاوێنکردنەوە، لە رووی فیزیایی و کیمیایی و بایلۆجی. دابینکردنی ئاوی خوارنەوە لە کوردستان کوالێتییەکەی هاوتای هەردوو ستانداردی ئاوی خوارندەوەی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی یە.


ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە بیری ئاو وشک دەبن، هۆکاری وشکبوونی ئەو بیرانە چییە؟
دوو جۆر بیری ئاومان هەیە لە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان ئەو بیرانەن کە لە ناوچە شاخەوییەکانن، تەبەقاتی بیرەکە وەرزییە لەگەڵ وەرزی بارانبارین ئاستی ئاوەکەی لەبەرزی و نزمیدایە، ئەو بیرانەش کە لە نزیکی حەوزی ئاوەکانن چەند ساڵێک وشک دەبن دواتر ئاو دەدەنەوە، لە ئێستادا لە هەموو هەرێمی کوردستان ئاستی ئاوی ئەو حەوزانە لە نزمبوونەوەدایە، هۆکارەکەشی کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارینە، بەکارهێنانی زیاد لە پێویست لەلایەن هاوڵاتیانەوە،بیری پایل یان سوری هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی ئاوە و زیانێکی زۆری هەیە.


درووستکردنی رێژەیەکی زۆر لە یەکەی نیشتەجێبوون، لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان لەسەرجەم پارێزگاکان، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی رێژەی ئاو؟
ئێمە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان راوێژمان هەبووە و پرسمان پێکراوە، بەتایبەت ئەو پرۆژانەی لە دوای ساڵی ۲۰۱۰ دروستکراون، بەڵام بەر لەو ساڵە راوێژێکی ئەوتۆ نەبووە لە نێوانماندا، ئەو پرۆژانەی کە توانراوە لەلایەن حکومەت وەربگیرێت راستەوخۆ وەک هەر گەڕەکێکی تر لە تۆڕی سەرەکی ئاویان بۆ دابینکراوە لەلایەن حکومەتەوە بە تایبەتی پڕۆژەکانی سلێمانی و دهۆک، بەڵام لە هەولێر لە کۆی پەنجا پڕۆژە توانراوە سێ پڕۆژە وەربگیرێت، ئەوەی تر لەلایەن وەبەرهێنەرەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئێمە تا تەواو بوونی پرۆژەی ئاوی هەولێر چوار ناتوانین ئاویان بۆ دابین بکەین، پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار لەگەڵ پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی سلێمانی یەک پاکێجە لە ڕێی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەڕیتانی ساڵی ۲۰۱٥ واژوو کراوە بڕی پارەکەی ١ ملیار و ١٦٤ ملیۆن دیناری عێڕاقیە. هەردوو پڕۆژەکە بە دوو قوناغدا دەڕوات قۆناغی یەکەمی ئامادەکاری دیزانی پرۆژەکان و دیاری کردنی زەوییەکان و لێکۆڵینەوەی ئابووری و کاریگەری ژینگەییە کە ئەمانە سەرجەمیان تەواو بوونە، دەمێنێتەوە قوناغی دووەم کە قوناغی دروستکردنە. بڕیار وایە لە ڕێگەی قەرزێکی نێودەوڵەتیەوە ئەنجام بدرێت لەلایەن حکومەتی بەڕیتانیەوە، بەڵام تاکو ئێستا قەرزەکە نەچۆتە بواری جێ بەجێ کردن بۆیە پڕۆژەکەش ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئێستا پلان هەیە هەوڵبدرێت لە ڕێگای وەبەرهێن یان لەلان حکومەتەوە بەشێک لە پارەکە دابین بکرێت قۆناغێکی پڕۆژەکە جێ بە جێ بکرێت.

بۆچی تاکو ئێستا نەتوانراوە ئەو قەرزە بکرێت؟
هۆکاری وەرنەگرتنی ئەو قەرزە پێویستی بە پاڵپشتی حکومەتی عێراقی بووە، چونکە قەرزەکە سیادییە، بەڵام عێراق پاڵپشتی وەرگرتنی ئەو قەرزەی نەکردووە.


هۆکاری لافاوەکانی ساڵی پار کە زیانی ماددی و گیانی لێکەوتەوە، دەگوترێت یەکێک لە هۆکارەکانی بەشێک لە پڕۆژەی یەکەنیشتە و شارە نوێیەکان بوون، کە لەسەر رێڕەوی ئاوی باران دروستکراون، ئەمە تا چەند ڕاستە؟
سەبارەت بە هۆکارەکانی لافاوەکانی ساڵی پار لە شاری هەولێر ، ئێمە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسلمان ئامادەکرد لە ڕێگای لێژنەیەک بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران بە تایبەت بۆ لافاوی دووەم. بەڵێ بەشێک لە هۆکارەکانی دروسبوونی لافاوەکان بەشێک لەو شارانە بوون لەگەڵ دروستکردنی کۆگای کارگەکان یان پڕکردنەوەی ڕێڕەوی ئاوەکان بەهەر هۆکارێک بێت لە ڕێڕەوە سروشتییەکان کە باراناوی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە پێی دەگوترێت ڕووبارە وەرزییەکان، وەکو لێپرسینەوە بەشێک لەو کۆگایانەی کە بە نایاسایی دروستکرابوون هەڵگیران، ئەوانەی کە ڕێگەپێدراو بوون کاتێک زانیمان چارەسەری ترمان نیە بەناچاری لامانداون یان رێڕەوی ئاو بکاتەوە، ئەوەی کە چارەسەرە دەبێت رێگایتر بدۆزرێتەوە لەسەر ئەرکی وەبەرهێنی شارەکان تا ئێستاش بەردەوامین. وەکو هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە ئاوڕۆکان بە مەبەستی فراوانکردن و گەورەترکردنیان و بەشێوەیەکی بەردەوامیش کار لە پاکردنەوەی کەندەکان دەکەین و پاکردنەوەی ئاوەڕۆیەکان و مەنهۆڵەکان وە لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەک بەبێ فیلتەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆ دروست ناکرێت، چونکە ئێستا ئێمە کار بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ۲۰۲۱ وەزارەتی شارەوانی دەکەین. ئەو بیرانەی کە لە شارەکان و یەکە نیشتەجێبووکان هەن سەرجەمیان بە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو دەبێت و هەڵسەنگاندی بۆ دەکرێت دوای یەکلاکردنەوەی مەرجە ئەندازەیی و یاساییەکان.


گرفتی ئاوی دەربەندیخان بەکوێ گەیشت، ئایا لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە تەنها سەنتەری قەزاکە سوودمەند دەبێت لێی؟
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان نزیکە چوار بۆ پێنج ساڵ ئەو پڕۆژەیە وەستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی، ماوی مانگێکە پڕۆژەکە دەستی پێکردۆتەوە و بودجەی پێویستی بۆ دابینکراوە نزیکەی لە سەدا پەنجای کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە، بۆ ساڵی ۲۰۲۳ بودجەی زیاتری بۆ تەرخان دەکرێت، ئەوەی کە ماوە تەنها کاری میکانیکی و کارەباییە کاری میکانیکییەکەی نزیکەی لە سەدا ۳٦ تەواو بووە سەدا ۹٥ کاری شارستانی تەواو بووە لە ڕووی کارەباییەوە لە سەدا ۱۰ پڕۆژەکە تەواو بووە، جگە لە سەنتەری قەزای دەربەندیخان لەوانەیە چەند گوندێکی سنوورەکەش بە تەواو بوونی پڕۆژەکە سوودمەندبن.


ئایا پێوەری ئاوی ماڵان فاکتەرێکی باش بوو بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاوی خواردنەوە لەلایەن هاوڵاتییانەوە؟
پرۆسەی پێوەری ئاوی ماڵان لە ساڵی ۲۰۱٥ دەستی پێکردووە، بەڵام ئەوەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین لەوانەیە هاوڵاتیان هەستی پێنەکەن، بۆیە ئێمە هەستمان بە سوودی پێوەری ئاو کردووە، چونکە وای لە هاووڵاتی کردوە کە خۆی بگونجێنێت و ئاوێکی کەمتر سەرف بکەن، ئامەش رێژەی بەهەدەردانی ئاوی کەمکردووە لەلایەن هاوڵاتیانەوە، چونکە ئەگەر ئاو زۆر بەکار بهێنن ئەوا کرێیەکی زۆرتریان بۆ دێتەوە، پڕۆژەی پێوەریش پڕۆژەیەکی جیهانیی ستراتیجییە، جگە لەوەش کارمان لەسەر بابەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان کردووە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و کەمپەینەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە، یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ۲۰۲۱ی پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە خاڵەکانی دانانی تەوافەیە بۆ تانکی سەربانی ماڵان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، چونکە زۆرجار ئەو ئاوەی کە بەفیڕۆ دەچێت زیاتر لە کاتی درەنگانی شەوە، چونکە هاوڵاتی خەوتووە و ئاگاداری تانکیەکەی نییە، بەڵام تەوافەکە هۆکارە بۆ بەفیڕۆ نەچوونی ئاو ، بۆیە بڕی ٥٠ هەزار دینار وەک سزایی دارایی دیاریکراوە بۆ هەر هاوڵاتییەک کە تەوافە نەبەستێت، بۆیە لە داهاتوویەکی نزیک کار لەسەر ئەو یاسایە دەکەین هەر هاوڵاتییەک مانگێک مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی کە تەوافە ببەستێت.
ئێمە ئێستا لە هەرێمی کوردستان خاوەنی ١ ملیۆن ٤٠ هەزار هاوبەشی ئاوین، لەو رێژەیە نزیکەی ٧٣٠ هەزار بۆ ٧٤٠ هەزار پێوەری ئاوییان بەستووە، رێژەکە دەکاتە نزیکەی لە سەدا ۷۱ی هاوبەشانی ئاو. ئەو هاوبەشانەی کە تا ئێستا پێوەری زیرەکیان نەبەستووە بڕێکی زۆر پارەیان لەسەر کۆبۆتەوە، دوای ئەوەی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیرا، لە سەنتەری شارەکان ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە ٨٠ هەزار دیناریان وەکو سزای دارایی بۆ نووسراوە، لە سەدا ٧٥ لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت و دەبێتە ٢٠ هەزار دینار لە سەنتەری ناحییەکان و لە قەزاکانیش ئەوانەی ئەو پێوەرەیان نەبەستووە ٨٠ هەزار دینارەکە دەبێتە ١٠ هەزار دینار، ئەم بڕیارە لە هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان یان ئەوانەی هاوڵاتیان دروستیان کردووە جێ بە جێ دەکرێت. بە گشتی یاسای ژمارە ٤ی ۲۰۲۱ چەندین بڕگەی تێدایە کە ڕێگری لە بەهەداردانی ئاو دەکات.


بە داتا چەند بیر لە هەرێمی کوردستان وشکی کردووە؟
بیری ئاو ساڵانە ئاستی بەرهەمهێنانی دەگۆڕێت، بۆیە بەردەوام وشکبوونی بیری ئاو هەیە، ساڵانە لە سەنتەری شاری هەولێر ٤۰ هەتا ٤٥ بیر وشک بوونە و بیری جێگرەوە لێدراوە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە زیاتر بووە بیر هەیە لە ئاستی دووسەد مەتر وشک بووە، لە دەرەوەی شاریش بەتایبەت لە دەوروبەری ناحیەی قوشتەپە قوڵترین بیری کوردستان و عێراقی تێدایە کە دەگاتە ٦۷۰ بۆ ٦٨۰ مەتر لە ٣٠٠ مەتر بۆ ٤٠٠ مەتر ئاوی نیە، ئەگەر هەشبێت وەکو پێویست نیە، لە شوێنیتر هەمان حاڵەتمان هەیە وەکو قەزای بەردەڕەش و دەوروبەری و لە شاری سلێمانی، بەڵام قوشتەپە زەقترین شوێنە بۆیە ناچارین بیرەکان قوڵتربکەین.
لە ساڵانی هەشتاکان لە شاری هەولێر بیری ئاو ١٠٠ مەتر بوو لە ٢٥ مەتر ئاو دەهات، ئێستا لە هەمان شوێن وەکو گەڕەکی هەولێری نوێ لە ساڵی ۲۰۰۰ قوڵی بیرەکان گەیشتە ٢٠٠ مەتر لە ساڵی ۲۰۱۰ گەیشتە ٣٠٠ مەتر، لە ئێستاشدا قوڵی بیرەکان لە هەمان شوێن ٤٥۰ تا ٤۷۰ مەتر لێدەدرێت.


ئەو گرێبەستەی کە چەند ساڵێک دەبێت واژووتان کرد لەگەڵ وڵاتی یابان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆ، ئەو گرێبەستە بەکوێ گەیشت؟
ئەو بابەتە چەند پاکێجێکە دراوەتە حکومەتی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە کە خۆی لە چەند پڕۆژەیەکی ئاو و کارەبا و ئاوڕۆ لەخۆ دەگرێت، وەکو پڕۆژەی چاککردن و فراوانکردنی ئاوی ئیفراز ٣ و نوێکردنەوەی تۆڕی ئاو لە سەنتەری شاری هەولێر و دانان و نوێکردنەوەی تۆڕی ئاوی سەرەکی هەڵەبجە و نوێکردنەوەی تۆڕی ئاو لە هەردوو شاری دهۆک و سلێمانی ئەم پڕۆژانە تەواو بوونە وە لە ئێستادا پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر قۆناغی یەکەم لە پرۆسەی تەندەر دایە و دوو کۆمپانیای یابانی لە پرۆسەکەدان، ئەو پڕۆژەیە چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێرە، هەموو شاری هەولێر دەگرێتەوە، بەڵام وەکو قۆناغی سەرەتا دەکەوێتە نزیک گوندی عارەب کەند پشتی توڕەق وێستەگەیەکی پاڵاوتن لەوێ دروست دەکرێت ئەو وێستگەیە لە ڕۆژێکدا ٨٤۰هەزار مەتر سێجا دەپاڵێوێت، کە سەرجەمیان بەیەکەوە دەبەسترێنەوە بە ئاوەڕۆیەکەوە کە دوای ئەوەی لە سەدا ۹۹ خاوێن دەکرێتەوە دەتوانرێت ئاوەکە دووبارە بەکاربهێرێتەوە بۆ ئاودانی پاڕک و باخچە و کشتوکاڵ و پیشەسازی لە بری ئاوی پیس کە زیان به تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام بۆ خواردنەوە ناشێت، پیشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ساڵی ۲۰۲۳ پڕۆژەکە دەستپێبکات و پێویستی کات، بۆ تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە ٢٨ بۆ ٣٠ مانگی پێویستە.

لە دەوروبەری سەنتەری شارەکان زۆرێک خانوو وە مەزرەعە دروستکراون و بیری تایبەتی خۆیان هەیە، وەکو حکومەت بە چ میکانیزمێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟
سەبارەت بە بیری ناو مەزرەعەکانیش ئێمە هیچ هاوبەشێکمان نیە لەو شوێنانە، بەڵام سەرجەم بیرەکان نایاسایین بۆیە دەتوانرێت لە ڕێگەی یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.


بۆڕی ئیفرازی سێ کەی بەیەکجاری چاک دەبێت، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئەو بۆڕییە دەشکێت و بەشێک لە هاوڵاتیانی هەولێر بێ ئاو دەبن؟
پرۆسەی تەندەری ئەو پڕۆژەیە کۆتایی هاتووە، لەچەند رۆژی داهاتوو کۆمانیایەک دەست بەکار دەبێت، قۆناغی یەکەم ۱۷٥۰ مەتر دەگۆڕێت کە سەدا ٧٠ بۆ ٨٠ی شکانەکان لەو شوێنە بووە، بۆڕیەکی نوێی بۆ دادەنرێت، ئەو بۆڕییەی بۆی دادەنرێت ئاسنە دیوی ژورەوەی بۆڕیەکە تەبەقەیەکی پێوەیە تایبەتە بە ئاوی خواردنەوە.


بە دیاریکراوی رۆژانە چەند مەتر سێجا ئاو بە هاوڵاتیان دەدرێت؟
بە شێوەیەکی خەمڵێنراو بۆ بیرەکان و سەرجەم پڕۆژەکان ڕۆژانە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ بۆ ٢ ملیۆن و ٦٤٠ مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنرێت و دەدرێت. ئەگەر دابەشی ژمارەی دانیشتوان هەرێمی کوردستان بکرێت هەر تاکێک ۳٥۰ تا ٤۰۰ لیتر دەکات هەر رۆژێک.

دیمانە:هەژار مەجید، میدیا مەگەزین

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button