وتار

“ئازادی و سەربەخۆیی” دەسەندرێن نابەخشرێن

كارۆخ خۆشناو

دوای هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، سیستمی نوێی جیهان لەسەر بنەمای هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و ئازاد بونیادنرا، بەو واتایەی کە (پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیەکان) لەسەر ئاستی وڵاتان بوو نەک گەلان و نەتەوەکان، ئەگەرچی (ناو) لەو ڕێکخراوانە نرا (کۆمەڵەی گەلان و دواتریش نەتەوە یەکگرتووەکان) بەڵام مەرجی سەرەکی ئەندامبوونیان بریتی بوو لە هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ لە فۆرمی (دەوڵەت)، لەبەر ئەوە هەموو هەوڵ و تەقەڵا و خەبات و شۆڕشی گەلان چڕ بوویەوە بۆ بەدەستهێنانی کیانێکی ئازاد و سەربەخۆ، تاکو بتوانن ببنە بەشێک لە سیستمی نوێی جیهانی.

ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (193) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە:

1-لەلایەک هیچ گەل و میللەتێک مافی ئازادی و سەربەخۆییان پێ نەبەخشراوە، بەڵکو بە شۆڕش و خەبات و تێکۆشان مافەکانیان سەندووە.

2- لەلایەکی تر هیچ وڵاتێک بە (پێرفێکت)ی لە دایک نەبووە، بەڵکو لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییاندا کۆمەڵێک کەموکوڕییان هەبووە، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی، چ لە سەر ئاستی دەرەکی، بەڵام دوای بەدەستھێنانی سەربەخۆییان بە جددی کاریان کردووە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی دامودەزگا نیشتیمانی و مەدەنی و دیموکراسیەکان.

دوای نزیکەی سەد ساڵ لە لکاندنی باشوری کوردستان “بێ ویستی گەلەکەی” بە وڵاتی نوێی دامەزراوی عێراق، ناڕازیبوون و شۆڕشی یەک لە دوای یەکی لێکەوتۆتەوە، چەند دەرفەتێکیش بۆ ئازادبوونی کورد ڕەخساوە، بەڵام نەقۆستنەوەی ئەم دەرفەتانە چەندە پەیوەندی بە نەبوونی زەمینەیەکی گونجاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەبووە، دوو ئەوەندەش پەیوەندی بە نەبوونی یەکڕیزیی ناوخۆیی و لۆکاڵی هەبووە.

مێژووی زۆرینەی ڕەهای گەلانی (ئازاد و سەربەخۆ) تژیە لە خەبات و قوربانیدان، بەتایبەت مێژووی (سەدەی بیست) بۆ هەر چوار گەلی (کورد و جوولەکە و بۆسنی و ئەرمەن) پڕیەتی لە خەبات و مەرگەسات، بەڵام لەناو ئەم چوار گەلەدا تەنیا کورد نەبۆتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ، وێڕای خەبات و قوربانیدانێکی بێ شومار، بۆ نموونە بۆسنیەکان لە ساڵی (1994) لەلایەن سربییەکانەوە بە بەرچاوی دونیاوە کۆمەڵکوژ و جینۆساید کران، بەڵام ئەوانیش وەک جوولەکە و ئەرمەن، بەرهەمی جینۆسایدەکەیان (بە بوونە دەوڵەت) چنیەوە. پێموایە کورد پێویستی بە ئێرادەیەکی نەتەوەیی (سەرووی حیزبی بوون) هەیە بۆ بەرنامەڕێژیکردن و دۆزینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ زلهێزەکان لەپێناو کۆکردنەوەی پشتگیری و لۆبیکردن بۆ کیانێکی سەربەخۆ، چونکە سەرەڕای ئەوەی کورد لە (چەندین شوێن و چەندین جار) کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکراوە، بەڵام هێشتا نەبۆتە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ، لێرەدا پێویستە بپرسین بۆچی کورد نەگەیشتۆتە ئەم خەونە ڕوایەی و نەیتوانیوە ئەم مافە بە دەست بهێنێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە هەڵوەستە بکەین و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەین، تاکو بزانین تا چەند خەتای زلهێزە بێ بەڵێنەکانە و تا چەندەش خەتای پەرتەوازەیی و کەمتەرخەمی خۆمانە؟ چونکە هیچ گەل و نەتەوەیەک لە مێژوودا (وەک کورد) دەرفەتی ئازادبوونی لەدەست نەداوە، سەرەڕای هەموو جینۆساید و قوربانیدانێک، بەڵام هێشتا خەونی سەربەخۆیی بەدی نەهاتووە.

لە ئێستادا (206) وڵات لە جیهاندا هەن، دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنیان بکەین:

1- (193) وڵات ئەندامی کارایی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

٢- تەنیا دوو ئەندام سیفەتی (چاودێر)یان هەیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانیش (فەلەستین و ڤاتیکانن).

3- شه‌ش وڵات نیمچە دانپێدانانی ناتەواویان هەیە، ئەوانەی پێیان دەوترێت “دول معترف بها جزئیاً”، ئەوانیش (كۆسۆڤۆ، تایوان، قوبروسی تورکی، کۆماری عەرەبی دیموکراتی بیابانی خۆرئاوا، ترانس‌ نیستریا و سۆماڵیلاند).

4- وەک دیفاکتۆ پێنج وڵات بە حوکمی ئەمری واقع دەوڵەتن، ئەوانیش (کۆماری گه‌لی دۆنێتسك، کۆماری گەلانی لوگانسک، ناگۆرنۆ قەره‌باغ، ئەپخازیا و ئۆسێتیای باشوور).

قەوارەی هەرێم ئەو دیفاکتۆیەیە کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان و گۆڕانی هاوکێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هاتوه‌ته‌وه‌ کایەوە، ئەگەرنا هیچ کاتێک عەقڵیەتی حوکمڕانی (عەڕەب و تورک و فارس) ئامادە نین دان بە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێن، بەڵام یەکانگیری (بەرژەوەندی هێزەکانی ناوچەکە و زلهێزە نێودەوڵەتیەکان) هەرێمی کوردستانیان کردە قەوارییه‌كی پارێزراو بە گوێرەی بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە (1991/4/5) دەرکرا، ئەم بڕیارەش دوای بڕیاری سیڤەر لە (1920/8/10) بە یەکەمین بڕیاری نێودەوڵەتی دادەنرێت کە لەلایەن دەزگایەکی گرنگی وەک ئەنجومەنی ئاسایش لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد دەرکرا بێت.

(ئازادی و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت) پڕۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودان، پێویستی بە قوربانی و پلانی پێشوەختە و زەمینەسازی هەیە، کوردیش ئەم پڕۆسەیەی دەست پێکردووە و یەکەم هەنگاویشی ناوە کە بریتی بوو لە (رێفراندۆم)، هەر کاتێک بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەبار بوو، دەکرێت کورد هەنگاوی تر بهاوێژێت و پڕۆسەکە تەواو بکات.

لە ئێستادا بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئارادان لە ژێر چەتری ڕێکەوتنەکانی (ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم و گرێبەستی سەدە) بۆیە پێویستە سەرکردایەتی کوردستان هەوڵبدات بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان پاراڵێڵ و هاوتەریب بکات تاکو نەبنە ڕێگر لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستاندا، لە سەرووی هەموو ئەو وڵاتانەش ئەمریکا دێت، کە پێویستە کورد بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵی هاوتەریب بکات، تاکو پشتگیری ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا بەدەست بهێنێت، ئەم هەنگاوەش لە ڕێگای پڕۆسەی لۆبیکردن دەکرێت، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەیەش پێویستیمان بە میکانیزمی دیپلۆماسی نەرم و سەردەمیانە هەیە لە پێناو بە مەنزڵ گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ڕیفراندۆم و بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی کودستان.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button