ئەمڕۆ یەک شەممە رێککەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢. کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکیتی، لە ساڵیادی ریفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ” ئەمڕۆ ساڵیادی ریفراندۆمی گەلی کوردستانە، ئەو ریفراندۆمەی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بەشداریان کردو لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان”
پەیامەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، کە لە پێگەی فەرمی کۆسرەت ڕەسوڵ لە تۆڕی کۆمەلایەتی “فەیسبووک” بڵاوکراوەتەوە.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە “ریفراندۆم موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە، گەلی کوردستان کردی و بۆ ئایندەی گەلەکەشمان بوو”
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی، لەبارەی ئەوە ڕۆژەوە ئاشکرای دەکات “ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، یەکێک لە رۆژە مێژووییە خۆشەکانی ژیانم، کە سەرپەرشتی کردنی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێ سپێردرا، لە رووداوێکی مێژوویی و دەگمەندا خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەنگیان داو کوردستانیەتی ئەو ناوچانەیان سەلماندەوە”
لە کۆتای پەیامەکەی کۆسرەت ڕەسووڵ دا، هاتووە “لەم رۆژە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم و وەک هەمیشەش دووپاتی دەکەینەوە کە گەلەکەمان لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاشتیانەیەو دەمانەوێ مافە دەستووری و دیموکراسییەکانی خۆمان پیادە بکەین”
میدیا مەگەزین