فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق دوو حه‌شارگه‌ی داعشیان بۆردومانکرد
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 28ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی هێزه هاوبه‌شه‌كان، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق دوو حه‌شارگه‌ی داعشیان له ناوچه‌ی نارینی سه‌ر به پارێزگای دیاله بۆردومانكرد، تێیدا 10 چه‌كداری داعش كوژران.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیدا هه‌روه‌ها هاتووه: له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی ئێف16، هێزی ئاسمانی عێراق دوو حه‌شارگه‌ی داعشیان بۆردومانكرد، هه‌ردوو حه‌شارگه‌كه به‌سه‌ر 10 چه‌كداره‌كه‌ی داعش خاپووركران.
دوێنێش ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌گوێره‌ی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان، له‌ماوه‌ی ساڵی 2022ـدا نزیكه‌ی 200 چه‌كداری داعش له‌رێگه‌ی بۆردوومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراقه‌وه كوژراون.
به‌گوته‌ی ته‌حسین خه‌فاجی، ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانی داعش كه له‌ماوه‌ی ساڵی 2022ـدا له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق كوژراون، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی 400 چه‌كدار.
گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق دووپاتیده‌كاته‌وه ئه‌و ئامارانه سه‌ره‌تایین و له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا كار له‌سه‌ر ده‌ركردنی راپۆرتێكی ورد له‌باره‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییانه بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه له‌ماوه‌ی ساڵی 2022ـدا هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌دژی چه‌كدارانی داعش له‌نێو خاكی عێراق و ناوچه سنوورییه‌كان ئه‌نجامیداون.
میدیا مەگەزین