عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای تورکیە
دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای تورکیە و تەنها لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە.
دەستەی ئاماری تورکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی هەناردەکانی تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٢١ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار واتە بە راورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢.١٪ بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ داهاتی هەناردەکانی ئەو وڵاتە بریتییە لە ٣٠ ملیار و ٦٥٦ ملیۆن دۆلار واتە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی ١٤٪ بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کۆماری عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای تورکی بووە و بە بڕی یەک ملیار و ٣٠٢ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و ئەمریکا لە ریزبەندی دووەمە و بە بڕی یەک ملیار و ٤٤٧ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و لە ریزبەندی یەکەمیش وڵاتی ئەڵمانیا دێت و ئەویش بە بڕی یەک ملیار و ٨٥٩ ملیۆن دۆلار کاڵای ئەو وڵاتەی هاوردە کردووە.
باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەناردەکردنی کاڵای تورکی، وڵاتی ئەڵمانیا بە بڕی ١٩ ملیار و ٣٣٩ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و لە دوای ئەویش ئەمریکا بە بڕی ١٥ ملیار و ٥٠٢ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی کڕیوە و عێراقیش بە بڕی ١٢ ملیار و ٦٠٢ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردەکردووە.
میدیا مەگەزین