ئابووریرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگ

عێراق دەبێت قەرزەکانی بداتەوە کە 76 ملیار دۆلارە

تا ساڵی ٢٠٢٨ حکومەتی عێراق دەبێت نزیکەی ٢٣ ملیار دۆلاری قەرزەکانی بداتەوە و کۆی گشتی قەرزەکانی عێراق ٧٦ ملیار دۆلارە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە داهاتی نانەوتی زیاد بکات، کە ئێستا تەنها ٨٪ی داهاتەکان پێکدەهێنێت.

مەزهەر ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق کە لەدەستی دەزگای بانکی حکومیدایە بە ٥٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت ئەگەر نرخی دۆلار بە نرخی فەرمی ئێستا هەژمار بکرێت.

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، “٦٣٪ی قەرزی ئەمساڵی ناوخۆی عێراق بە دەست بانکیی ناوەندییەوەیە کە بە شێوەی بۆندە یاخود حەواڵەی گەنجینەییە.”

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا مەزهەر ساڵح باسی لەوەکرد، رێژەی سوودی ساڵانە لەسەر هەموو قەرزەکان ٣٪ە و ئەو قەرزە دەرەکییانەی کە مەرجە عێراق تا ساڵی ٢٠٢٨ بیانداتەوە بە ٢١ بۆ ٢٣ ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێن ئەمەش بە مانای ئەوە دێت سەرجەم قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق بریتییە لە ٧٦ ملیار دۆلار.

مەزهەر ساڵح ئاشکراشی کردووە، رێژەی باڵانسی قەرزە گشتییەکانی عێراق لە ٣٥٪ زیاترە بەراورد بە رێژەی بەرهەمی ناوخۆیی، لە کاتێکدا رێژەی قەرزی دیاریکراو بە میکانیزمی نێودەوڵەتی بە ٦٠٪ جێگیر کراوە.

سەبارەت بە رێکاری حکومەتی عێراق بۆ دانەوەی قەرزەکان راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لەسەر سیاسەتی دارایی وڵات پێویستە کۆی گشتی قەرزەکان بەشێوەی ساڵانە کەمبکاتەوە و رێژەی کورتهێنانی ساڵانەی بودجە نزمبکاتەوە، لە رێگەی رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان و جگە لەوەش داهاتی نانەوتی رێژەکەی بۆ ٢٠٪ بەرزبکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، عێراق بۆ داهات بەشێوەی سەرەکی پشتی بە نەوت بەستووە و بە هەرە گرنگترین هۆکاری پەیداکردنی پارە بۆ عێراق دادەنرێت و داهاتی نانەوتی پەیداکراو لە عێراق لە ئێستادا تەنها ٨٪ی داهاتەکان پێکدەهێنێت.

میدیا مەگەزین

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button