شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە ئێران
بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان پێک دێن، بە سەردانێکی فەرمی بچنە ئێران.
سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە: “شاندەکە کۆتایی ئەم مانگە (ئایار) دەچنە ئێران و لەوێش سەردانی شاری ورمێ دەکەن، بڕیاریشە سێ رۆژ لەو شارە بمێننەوە و چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە بکەن”.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش كردووە: “سەردانەکە بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە لە بواری کولتووری و ئابووری”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات و هەماهەنگیی زیاتری کارگێڕی و ئابووری لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی وڵاتانی دراوسێدا بکات.