ئێران دوامۆڵەت بە عێراق دەدات
محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی هێزی وشکانیی سوپای پاسداراندا لە شاری مەشهەد رایگەیاند: دوا وادەی عێراق بۆ چەککردنی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی مانگی ئەیلوولە.
هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، وەک سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، “بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵات، ئۆپەراسیۆنی کاریگەری بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی گرووپە دژبەرەکان ئەنجامدا، دواتر حکومەتی عێراق پابەندکرا بەوەی تاوەکو مانگی ئەیلوول ئەو گرووپانە چەک بکات و رێگە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان بگرێت. بەهۆی بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بوو کە هێرشەکانمان لەسەر ئەو گرووپانە راگرت.”
بەرپرسە باڵا سەربازییەکەی ئێران دەشڵێت، “دان بەخۆماندا دەگرین، هیودارین عێراق پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئەو وادەیە ئەو گرووپانە چەکدار بمێنن یان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن، بەهێزتر لە جارانی پێشوو هێرش دەکەین.”