شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بەیەکجاری شاری سلێمانی جێهێشت
دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی دوور کەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو “لە پێناو چاکەی گشتیدا” بڕیاریداوە لە سلێمانی دوور بکەوێتەوە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە.
مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، “لە ماوەی شەش مانگدا کە کێشەی زۆر گەورە هەبووە لە نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو برایانەدا، شێخ نەهرۆ زۆر هەوڵیداوە کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و نێوەندگیریان بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. سەرباری ئەوەی کە هەوڵماندا بەینیان چاک بکەین، تاوانباریان کردین. ئەو تاوانبارکردنەش هەمووی دوور بوو لە ڕاستیەوە.”
دەشڵێت،” سەرباری هەوڵەکانی شێخ نەهرۆ بەمەبەستی نێوەندگیری نێوان حزبە سیاسیەکان و باشتر کردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوانبارکراون و تۆمەتیان بۆ دروستکردوون، بۆیە شێخ نەهرۆ بڕیاری داوە سلێمانی بەجێبهێڵێت. داوامان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی مەرکەزی کرد کێییە ئەم تاوانانەمان بۆ دروستەکات، باڵام کەس وەڵامی نەداینەوە.”
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا