قەشەیەک لەبەر حەشدی شەعبی لە بەغدا ڕا دەکات
لویس ساکۆ پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، ڕای دەگەیەنێت، عێراق جێدێڵێت و لە یەکێک لە کەنیسەکانی هەرێمی کوردستان دادەنیشێت.
لە نامەیەكی كراوەدا كاردینال لویس ڕوفائیل ساكۆ پاتریاركی کەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و گەلی مەسیحی و تەواوی گەلی عێراقی كردووە و ئەمڕۆ 15ی تەمووزی ٢٠٢٣ بە ژمارە 16 بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: بەهۆی شاڵاوی كەتائیبی بابلیون بۆ سەری، كە تۆمەتباری دەكات بە بەرچاوی حكوومەتەوە و، سەرۆك كۆماریش نووسراوی دانپێدانانی ڕەت دەكاتەوە، “هەر بۆیە بڕیارمدا لە ئیستەنبۆلەوە كە ئێستا بەكارێكی كەنیسە لەوێم، ناگەڕێمەوە بارەگای پاتریاكی لە بەغدا، بەڵكو دەگەڕێمەوە بۆ یەكێك لە كەنیسەكانی هەرێمی كوردستان”.
گەورە مەرجەعی کەنیسەی كلدانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە هێشتا كەس نازانێت چی ڕوودەدات، لەوكاتەی كە ئەو وەك تۆمەتبار بانگهێشتی دادگا كراوە، بەڵام ئەوەی بێ ڕێزی و سووكایەتی دەكات ئازادە، كە ئاماژەیە بۆ (رەیان كلدانی) سەرۆكی كەتایبەكانی بابلیۆنی سەر بەحەشدی شەعبی.
لویس ساكۆ لەنامەكەیدا، نووسیویەتی، “ئەم بڕیارەم بۆ ئەوەیە تاوەكو سەرۆك كۆماری پارێزەری دەستوور، خواستەكانی بابلیون بەدی بهێنێت، لەوەی مەرسوومی دانپێدانان بۆ ڕەیان كلدانی دەربكات بە بەرپرسیاری ئەوقافی کەنیسە و ئەسوانی برای بە جێگری، سەرمەدی برای بە بەرپرسی دارایی و ویسامی برای بە بەرپرسی پاسەوانەكان ئەگەر ڕازی بێت، چونكە بە پارە و سەرانە وەرگرتن لە هاووڵاتیانی دەشتی نەینەوا و تلكێف بەردەوام سەرمایەکەی قەبە دەبێت. كچە مەسیحییە وەزیرەكەش كە زێنەی خاچ بە جلەكانیەوەیە، بە ئەمینداری گشتی پاتریاركی دابنێن…تد”.
پەیوەندییەكانی ڕەیان كلدانی و کەنیسەی كلدانی ماوەیەكی زۆرە ئاڵۆزی تێكەوتووە. نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر خەڵكی قەرەقۆش و پیاوانی ئاینی ناوچەكە، هێزەكانی ڕەیان كلدانیان لە ناوچەكە دەركرد.
هەروەها ڕەیان كلدانی بەهۆی ئەوەی كە لە كۆی پێنج كورسی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق چواریانی بردووە (پێنجەمیان لەلای نوێنەرێكی حزبی شیوعی كوردستانە)، دەیەوێت تەواوی كاروباری مەسیحییەكان بخاتە بەردەستی خۆی و لەوەشیاندا هێزە شیعییە باڵادەستەكان پشتگیری دەكەن.
ئەگەرچی لەسەردەمی سەرۆكایەتی مام جەلال لە بەغدا دانی بە كاردیناڵ لویس ساكۆ وەك مەرجەعی ئاینی كەنیسەی كلدانی نا، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا عەبدولەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە 31 كە لە وەقائعی عێراقی لە 3ی تەمموز بڵاوكراوەتەوە، مەرسوومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی كشاندەوە، كە کاتی خۆی مام جەلال دانی پێیدا نابوو.
بەوەش سەرۆكایەتی كۆمار خواستێكی بابلیۆنی وەدیهێنا لەوەی تۆڵە لە لویس ساكۆ و پیاوانی ئاینی بكەنەوە، ئەوانەی كە دان بە بابلیون نانێن وەك دەسەڵاتێكی سیاسی كە دەیەوێت دەسەڵاتی ئاینی كلدانی – مەسیحی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە.
ڕەیان كلدانی هەر بەوەش نەوەستاوە، بەڵكو لە بەغدا لە دادگای كەرخی تایبەت بە بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندن سكاڵای لە دژی لویس ساكۆ تۆماركردووە، دادگاش بانگهێشتی ساكۆی كردووە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر سەدان هاووڵاتی مەسیحی دژ بەو كارانەی بەرانبەر بە گەورە كاردیناڵی مەسیحی -كلدانی دەکرێن، ڕژانە سەر شەقامەكان و سەركۆنەی ئەو ڕەفتارانەیان كرد.