بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالێتییەکەى، لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ (هەشتی ئەیلوول)، ٢٥٥ بەنزینخانە لە هەولێر سزادراون و “ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر”.
پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەوەی خستۆتەڕوو: لەلایەن لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانەوە، هەفتانە پشکنین بۆ بەنزینخانەکانی هەولێر دەکرێت و هەر بەنزینخانەیەک، بەنزینی خراپ بفرۆشێتە هاووڵاتییان و دەستکاریکردنى كوالێتییەکەی بکات، سزادەدرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: بەرھەمی بەنزینی (٨٠٠ دیناری) بە کوالێتییەکی باش لە بەنزینخانەکاندا بەردەستە و لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان هەوڵەکانیان بۆ چڕکردۆتەوە لەپێناو کۆنترۆڵکردنی کوالێتیی بەنزین.
پارێزگای هەولێر، دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر ئەو خاوەن بەنزینخانانەی کە بەنزینى خراپ دەفرۆشن و دەستکاریی کوالێتییەکەی دەکەن.
میدیا مەگەزین- هەولێر