رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

600 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت

600 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی هەردوو شاری قامشلۆ و حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

دووشەممە، 19-08-2024، بەشار موشیر، خاوەنی کۆمپانیای (K.H.)ـی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە ڕایگەیاند “لە چوارچێوەی کارئاسانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا 600 تۆن پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ، لە پارێزگای دهۆک، هەناردەی ڕۆژئاوای کوردستان کرا”. 

وەکو ئەوەی بەشار موشیر باسی کرد، ئەو 600 تۆن پەتاتەیە، بە 25 بارهەڵگر و لە ڕێگەی دەروازەی پێشخابوورەوە هەناردەی هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کراون.

خاوەنی کۆمپانیای (K.H.) باسی لەوەش کرد “لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو وەبەرهێنەرەی 600 تۆنەکەی کڕیوە، ڕایگەیاندووە، لە داهاتوودا پەتاتەی زیاتری هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات”.

ڕۆژی 22-07-2024، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای “ئاورا”ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی ئیماراتی، نزیکەی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەو وڵاتە کرا.

ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا. بڕیاریشە، ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکرێت.

ژێدەر

K24

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button