![](https://mediamagazine.news/wp-content/uploads/2025/01/IMG_8900-671x470.jpeg)
یەکێتی و حەرەکەی پشت دێگەڵە، خێمەکەی لە خێمەی مانگرتن و ناڕەزاییەوە بۆ گۆڕیون بۆ خێمەی ڕێجیم و ڕەشاقە!
مانگرتن وەک ڕەمەزان وایە، نەک هەر ئەوەی لە ڕێی دەمەوە خواردن و خواردنەوەت پێ نەگات، بەڵکو بە دەرزی و دەمار و حەب و کانوێلاش وزەت پێ بگات، هەر وەک ڕۆژوی ڕەمەزان مانگرتنیش دەشکێت!
جا لە بەر ئەوەی لە شەریعەتی ئیسلامدا، هەرجۆرە خۆئازاردان و خۆگرتنەوە لە نان و ئاو بە مەبەستی خۆکوژی، موتڵەقەن حەرامە (جا بۆ هەر شتێک بێت!)، بۆیە دەبینیت ئیسلامییەکانیش بە هەموو شێوەیەک خۆیان لەم جۆرە ناڕازییە پاراستووە! خۆ ڕەنگە بارەکەڵای بۆ بکەن، بەس قەت خۆیان مان ناگرن!
مانگرتن لە فەرهەنگی پرۆتێستۆدا، دوو جۆرە، مانگرتنی وشک کە خۆگرتنەوەیە لە نان و ئاو تا مردن یان تا ئەو کاتەی داواکەت جێبەجێ دەبێت! مانگرتنی تەڕ کە خۆگرتنەوەیە لە هەموو شتێک و تەنیا ئاو دەخۆنەوە! ئەمەشیان هەر وەک یەکەم تا مردن یان تا داواکەت جێبەجێ دەبێت!
لە هەردوو حاڵەتدا کە حەفتەی بەسەردا تێپەڕی، هیچ وزەیەک لە جەستەدا نامێنێ و ماسولکەکان بە ئێسکی جەستەوە وشک دەبنەوە و ئێسک و ئەسکەلەی مرۆڤەکە بە ڕوونی دەبینرێت!
بەڵام کە تۆ گۆرانیت وت و شعرت خوێندەوە و لێدوانت بۆ ڕۆژنامە و تیڤییەکان دا، ئەمە بە قەولی ئایەتی خوای تەبارەکە وە تەعالا: يُخَادِعُونَ اللَّهَ وَالَّذِينَ آمَنُوا وَمَا يَخْدَعُونَ إِلَّا أَنفُسَهُمْ وَمَا يَشْعُرُونَ. واتە ئەیانەوێت خودا و باوەڕداران بخڵەتێنن، لە کاتێکدا کە خۆیان خڵەتاون و نایشیزانن!
ئەوانەی پێیان وایە ئەم جۆرە مانگرتنە بە موغەزی و کانوێلاوە باش و تەواوە، لە ڕاستیدا خەڵکی عامە و عەوام دەخڵەتێنن و یەکێتی و حەرەکەی پشت دێگەڵە، خێمەکەی لە خێمەی مانگرتن و ناڕەزاییەوە بۆ گۆڕیون بۆ خێمەی ڕێجیم و ڕەشاقە!
بارزان عەلی حەمە