وتار

قەیرانی کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان

نەزاکەت حوسێن:

هەموو تیۆرەکانی راگەیاندن، جگە لە تیۆری لیبراڵی، سانسۆر و کۆنترۆڵکردن و مافی خاوەندارێتیی زانیارییەکانی دەدایە دەسەڵات و حکوومەت، بۆ نموونە، تیۆری دەسەڵات زانیارییەکان و ڕاگەیاندنی بە مافی حکوومەت و دەسەڵات دادەنا و دەیگوت تەنیا حکوومەت و دەسەڵات بۆیان هەیە راگەیاندنیان هەبێت و رێگە بدەن چ زانیارییەک بڵاو دەبێتەوە و چی بڵاو نابێتەوە. تیۆری کۆمۆنیستیی سۆڤیەتی بە هەمان شێوە مافی خاوەندارێتی و راگەیاندن و مامەڵە بە زانیارییەکانی دەدایە حزبی فەرمانڕەوا، بگرە نەک تەنیا کۆنترۆڵکردن و سانسۆرکردن و مافی خاوەندارێتیی راگەیاندن دەبێت لای حزبی حوکمڕان بێت، بەڵکوو بەپێی ئەم تیۆرە، دەبێ حزبی فەرمانڕەوا راگەیاندن وەک پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک بەکار بێنێت. تیۆری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیش بەرپرس بوو بەرامبەر کۆمەڵگە و بنەماکانی دەکردە پێوەر بۆ کارکردنی راگەیاندن، تەنیا تیۆری لیبراڵی بوو، کە مافی دەدایە خەڵک و هاووڵاتییان، کە هەرکەس دەتوانێت کەناڵی راگەیاندنی هەبێت، مافی خۆیەتی خاوەنداری بێت و نابێت خاوەندارێتیی راگەیاندن و زانیارییەکان تەنیا لە دەستی حکوومەت و حزبی فەرمانڕەوا بمێنێتەوە.

ئەگەر ئەم تیۆرە مافی خاوەندارێتی بوونی دەزگایەکی راگەیاندنی دەدایە دەست ئەو کەسانەی خاوەن پارەن، ئیتر سەرەتای نەمانی سانسۆر و کۆنترۆڵ هاتەپێش، سەرمایەدارەکان دەیانتوانی راگەیاندنیان هەبێت، نەک هەموو کەس، بەڵام هاتنی سۆشیاڵ میدیا مافی دایە هەموو کەس، بەبێ بوونی هیچ سەرمایە و هیچ تێچوونێک، کە میدیایەکی کەسیی خۆی هەبێت، ئەویش تەنیا بە بوونی ئینتەرنێت لەناو مۆبایلەکەیەوە دەتوانێت ئەکاونت و پەیجی لەسەر چەند پلاتفۆڕمێکی سۆشیاڵ میدیا هەبێت. ئێستا قەیرانی خاوندارێتیی زانیارییەکانمان نییە، ئینتەرنێت قەیرانی دیكەی بۆ بەرهەم هێناین، کە قەیرانی کۆنترۆڵی زانیارییەکانە، بە سوودبەخش و زیانبەخشەوە، سەردەمی مردنی دەرگەوانەکانە، بگرە تا رادەیەکیش سەردەمی مردنی یاسا و ئیتیکی کۆنترۆڵ و رێکخستنی زانیارییەکانە، چونکە ئینتەربێت بواری دا بە کەسانێک بە دەموچاو نادیاری و سێبەر زانیاریی پەخش کەن. ئێستا نە دەسەڵات و نە خەڵک ئاسان نییە بتوانێت نە کۆنترۆڵ و نە سانسۆری ئەو لێشاوە زانیارییە بکات، ئێستا دەبێت بپرسین، کامەیان خاوەنداری راگەیاندنن؟ کامەیان دەتوانن سانسۆر بکەن؟ بێ گومان دەسەڵات و خەڵکیش ئێستا لە چالنچ و ڕووبەڕبوونەوەی ئەوەدان، چۆن کۆنترۆڵ و سانسۆر بکەن، یان هیچ نەبێت پارێزراوب ن لەو لێشاو و زانیاری و هەواڵی ساختە و دروستکراو و چەواشە و پاراستنی ژیانی تایبەتیان، بەڵام دیجیتاڵیبوون ئەو دەسەڵاتەی دایە دەست ئەوانەی، کە خاوەن تەکنیک و هێزی کۆمپیتەر و تەکنەلۆجیان، تەنیا بە تەکنیک و کۆدی ئیتیکی دەتوانرێت ئەمڕۆ فلتەری بەشێک لەو زانیارییانە بکەن.

پراد سیمیس، سەرۆکی مایکرۆسۆفت دەڵێت: “ئەمڕۆ ئەندازیاری کۆمپیتەرەکان دەبێت لەسەر ئاستێکی فراوان پەروەردە بکرێن”. هەروەها دەڵێت: “ئێستا لە ئەمریکا کۆلێژی سەربازی تەواو ناکەیت، ئەگەر کۆدە ئیتیکییەکان نەخوێنیت، بەڵام رەنگە دەیان زانکۆ بڕوانامە بدەن بە ئەندازیارانی کۆمپیتەرەکان و بەرهەمهێنەرانی زیرەکی دەستکرد، بێ خوێندنی کۆدی ئیتیکی. ئێمە لە مایکرۆسۆفت لە ساڵی 2018ەوە شەش کۆد و پرینسیپی ئیتیکمان بۆ زیرەکی دەستکرد دانا، دەربارەی دادگەرایی و دوورکەوتنەوە لە لایەنگری و پارێزگاریی ژیانی تایبەت، ئاسایش و سەلامەتی، پێکەوەژیان و شەفافیەت، گرەنتیکردن و بەرپرسیارێتی. ئێمە سیستمێکمان بنیات، نا کە راهێنان بکەین بە ئەندازیارەکان و بیان ناسێنین بە پراکتیزەکردنی ئەو کۆدە ئیتیکییانە.”

ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن، کە تاکە دەسەڵاتێک کۆنترۆڵی زانیارییەکان بکات، کۆدی ئیتیک و تەکنیکە، کە لەدەستی ئەندازیارانی ئایتی و زیرەکی دەستکرددایە، حکوومەتکان و خەڵک دەستەوەسانن لەبەردەم لێشاو و توانای کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button